بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بۆ یەکەمین جار، میدیاکانی ئیسرائیل بە پشت بەستن بە وێنەی مانگی دەستکرد، دانیان بەوەدا ناوە کە چەندین بنکەی سەربازی و ستراتژیکی ڕژیم لەوان بنکەی ئاسمانی ڕامەت داود و نەواتیم، بە هۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی حزبوڵاوە زیانیان بەرکەوتووە.
ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحارۆنۆت کە بە زمانی عیبری بڵاویکردووەتەوە، ڕادەگەیێنێت: وێنە نوێیەکانی مانگی دەستکرد زیانەکانی دوو شوێنی بنکەی ئاسمانی ڕامات داود لەدوای هێرشە مووشەکییەکانی ئێران پشتڕاست دەکەنەوە.
هەروەها وێنەکان ئاماژە بە ئەگەری هێرشی مووشەکی دەکەن بۆ سەر بنکەیەکی سەر بە یەکەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ٨٢٠٠ لە نزیک سەفێد و بنکەی ئاسمانی ناڤاتیم لە بیابانی نەگێڤ.
جگە لەوەش، لە وێنەکاندا ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوان لە سەربازگەی "شەمشۆن" لە 10ی ئازاردا دەردەخات، کە ڕێک ئەو ڕۆژەی حزبوڵا بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئەو بنکەیە ڕاگەیاند.
پەیامنێری تۆڕی ئەلعەرەبی لە قودس ڕایگەیاند: هەڵسەنگاندنەکانی یەدیعوت ئاحارۆنۆت دەریدەخەن کە ڕادەی زیانەکانی دامەزراوە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە بنکە جیاوازەکاندا لە ڕووی توندی و لاوازییەوە جیاوازە.
ناوبراو لە وردەکاریی زیانەکاندا ئاماژەی بەوەکرد: لە بنکەی ئاسمانی ڕامەت داود کە یەکێکە لە بنکە گرنگەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە نزیک مەڕج ئیبن عامر، دوو خاڵ کرانە ئامانج، خاڵی یەکەم بەشی پشتیوانی و ئۆتۆمبێل و کەرەستەی لۆجستی و خاڵی دووەمیش سەنتەری پڕکردنەوەی سووتەمەنی و چاککردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپا.
سەبارەت بە دۆخی بنکەی ناڤاتیم لە نەگێڤ، هەروەها جەختی لەوە کردەوە: ڕادەی زیانەکانی ئەم بنکەیە بە بەراورد لەگەڵ ڕامات داود بە کەم سەیر کراوە.
هەروەها وێنەکانی دەوروبەری بینای بنکەی هەواڵگری سەربازی (یەکەی ٨٢٠٠) لە نزیک سەفێد گۆڕانکاری لە پێکهاتەی خاکی ناوچەکەدا نیشان دەدەن، کە ئاماژەیە بۆ لێدان.
وێنە مانگە دەستکردەکان لە بەشێکی تری ئەم ڕاپۆرتەدا زیانەکانی سەربازگەی "شەمشۆن" کە دەکەوێتە نزیک چوارڕێیانی گۆلانی، یان دەریاچەی تیبریاس ئاشکرا دەکەن، کە لە ١٠ی ئازاردا بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بڵێسەی ئاگری تێدا بوو، هاوکاتە لەگەڵ لێدوانەکەی حزبوڵا کە ڕایگەیاندبوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی هەڵداوە.
ئەلعەرەبی جەختی لەوە کردەوە: "ئەو ڕاستییەی کە ئەم بڕە وێرانکارییە لە وێنە مانگی دەستکردەکاندا دیارە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕاستەوخۆ ئامانجەکان کەوتوونەتە خوارەوە، پێشبینییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە شوێنە سەربازییەکانی دیکەش زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام ڕێکخراوی سانسۆری سەربازی ئیسرائیل بەردەوامە لە ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی هەر زانیارییەکی دیکە لەو بارەیەوە".
Your Comment